وەزیری داد سەردانی بەڕیوبەرایەتی تۆماركردنی خانوبەرەی 2 ی ھەولێری كرد

25 أيلول/سبتمبر 2019

وەزیری داد: دەبێت خۆمان لە جێگەی ئەو هاووڵاتییە دابنێین کە دێتە بەر مێزەکانمان .

وەزیری داد رایگەیاند کە كاتی دەوامكردنی ئێمە موڵكی ھاووڵاتیانە و نابێت لەوبارەیەوە کەمتەرخەمی لە دەوامدا هەبێت دووپاتی لە زیاتر خزمەتکردنی هاوولاتیانیش کردەوە و لەوبارەیەوە وتی " خزمەتکردنی هاوولاتی ئەرکی سەرەکی ئێمەیە چونکە ئەگەر بۆ خزمەتی ھاووڵاتیان نەبووایە ئێمەش نەدەبووین بە وەزیرو ئێوەش نەدەبوون بە فەرمانبەر، هەربۆیە دەبێت هەموومان خۆمان لە جێی ئەو موراجعە دابنێین كە دێتە بەردەم مێزەكانمان".

ئەو لێدوانانەی وەزیری داد فەرسەت ئەحمەد لە کاتی سەردانیکردنی بوو بۆ بەڕێوبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرەی دووی هەولێر، کە رۆژی دووشەمە 23-9-2019 ئەنجامیدا بوو.

ئامانج لەو سەردانە بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون بوو لە چۆنێتی بەڕێوەچوونی دەوامی رۆژانە و چۆنێتی بەڕێكردنی مامەڵەی ھاوڵاتیان،. لەو سەردانەدا كە دادوەر عەبدوڵڕەحمان حەمە كەریم بەڕێوبەری گشتی داد یاوەری بوو، وەزیری داد تەواوی بەش و ھۆبەكانی بەسەركردەوە و راستەوخۆ لەگەڵ بەڕێوبەران و فەرمانبەرانی تاپۆی دووی ھەولێر گفتوگۆی كرد و لە ئیشوكارو كێشە و گرفت و كەمووكورتیەكانیانی پرسییەوە .

لە میانەی قسەو گفتووگۆكانی لەگەڵ فەرمانبەراندا، وەزیری داد دووپاتی لەوە كردەوە كە " فەرمانگەكانی تۆماركردنی خانووبەرە، دەزگایەكی گرنگ و ھەستیارە چونكە ئەو بەڵگەنامانە دەپارێزێت و دەسەلمێنێت كە سەرو موڵك و ماڵی ھاوولاتیان دابین دەكات و زامنی دەكات، ھەربۆیە ئێوە ئەركێكی مەزنتان لەسەرشانە، ھەروەھا رایگەیاند: ھاتووین تا لە نزیكەوە ئاگامان لە فەرمانگەكانی خۆمان بێت، تا بتوانین سەرووی خۆمان لە داواكاریی و كەمووكورتییەكان ئاگاداربكەینەوە كە رەنگبێ ھەندێك لە كەمووكورتییەكان ھۆكارەكەی خودی فەرمانگەكە و فەرمانبەران و بەڕێوبەران نەبن، ھەربۆیە دەبێت بابەتیانە لێیان بروانین و چارەسەریان بكەین" .

وەزیری داد جەختی لەو كردەوە : " پێویستە ھاووڵاتیان چەقی بایەخی ئیشوكارو ئەركەكانمان بن، و خزمەتكردنی ھاووڵاتیان دەبێت ئامانجی سەرەكیمان بێت، دەبێت رێزگرتن لە ھاوولاتی و وەلامدانەوەیان بەڕێزەوە و ئەنجامدانی مەعامەلەكانیان لە بەرزترین ئاست و بە راست و دروستی، ئامانجی سەرەكی ئێمە بێت،

وەزیری داد لەو بارەیەوە وتی :"ھاوولاتیان ھۆكاری ھەبوونی ئێمەن لەو پۆست و ئەركانەی كە ھەمانە، ھەربۆیە زیاتر گوتی " بە شێك لەو مووچەیەی كە ئێمە وەك فەرمانبەر لە حكومەتی وەردەگرین سەرچاوەكەی ئەو پارەیەیە كە ھاووڵاتی رۆژانە لە رێگەی پێشكەشكردنی باج و رسووماتەوە دەیداتە فەرمانگەكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، ھەربۆیە كاتی دەوامكردنی ئێمە وەكو فەرمانبەر و وەكو وەزیرو لە ھەر پۆستێكی دیكەشدا، موڵكی ھاوولاتیانە. لەوبارەیەوە وەزیری داد روونی كردەوە كە " لەم سۆنگەیەوە بووە كە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان بڕیاری دیاریكردنی ماوەی دەوامكردنی لە ھەشتی بەیانییەوە تا سێی پاش نیوەڕۆ دەستنیشان كردووە " .

ماوەی دەوامكردن و پێگیریكردن بە دەوام و مانەوە لە شوێنی كاركردن بابەتێكی دیكەی گفتوگۆی نێوان وەزیری دادو فەرمانبەران بوو، كە زۆربەی فەرمانبەران پێیان وابوو كە كاتی دەوامكردن درێژە، لەوبارەیەوە وەزیری داد رایگەیاند " حاڵیحازر ئەوە فەرمانێكە و دەبێت ھەموومان جێبەجێی بكەین، ھەركاتێكیش ئەنجوومەنی وەزیران پاش دیراسەت كردن بڕیاری كەمكردنەوەی دا، ئەوكات ئێمەش پابەندی بڕیاری سەرویی خۆمان دەبین، بەلام لە ئێستادا مانەوە لە شوێنی ئیشكردن تا دوا چركەی دەوامی فەرمی، خزمەتكردنە بەو ھاولاتیەی كە رەنگبێ لە شوێنێكی زۆر دووری ھەولێری پایتەختەوە ھاتبێت و بیەوێت كارەكەی تەوابكات و بۆ شاری خۆی بگەڕێتەوە" .

ھەر لەو بارەیەوە وەزیری داد وتی:، ھەمومان كاتێك دەچینە دائیرەیەك حەزدەكەین رێزلێگیراووبین و ئیشەكەمان زوو تەوا بكرێت و بۆ ماڵ و شاری خۆمان بگەڕێینەوە، ناخۆشترین شتیش ئەوەیە كە فەرمانبەرێك پێمان بڵێ بڕۆ فلان رۆژ وەرەوە یان بە سانایی پێمان بڵێت ئەو ئیشەی تۆ ناكرێت و لێرە نابێت و من ھیچ وەلامێكم بۆ تۆ نییە، وەزیری داد دووپاتی كردەوە كە دەبێت ھەموو موراجعێك وەلامی خۆی دەست بكەوێت ئەگەر نوسراوی پێ بوو یان پێی نەبوو؛ وەزیری داد وتی: نابێت بە ھاوولاتی بگوترێت بڕۆ كارەكەت لێرە ناكرێت و تەواو، پێویستە فەرمانبەران و بەڕێوبەرانی ئەو فەرمانگەیەی كە دەسەڵاتی ئەنجامدانی ئیشی ئەو ھاولاتییەی نییە، داواکاریەکەی ھاوولاتیەكە بۆ وەزارەت بەرز بكاتەوە، نەك پێی بڵێیت خۆت بڕۆ بۆ وەزارەت، بۆ ئەوەی ھاوولاتی ھەست بەوە بكات كە فەرمانگەكە و حكومەتەكە موڵكی ئەون، فەرسەت ئەحمەد وەزیری داد وتی " لە سەردەمی ئیداراتی رژێمی پێشوودا پێش ١٩٩١، لە دائیرەكاندا بە شێوازێكی نامرۆیانە بێڕیزی بە ھاوولاتیانمان كراوە و بە خراپترین شێواز وەلامیان دراوەتەوە، ئێستا دەبێت ھاوولاتی ھەست بە جیاوازییەكەی زۆر بكات لە رێزگرتن و لە رایكردنی مەعامەلەكەیدا، دەبێت فەرھەنگێكی نوێ بچەسپێنین و لە پەیوەندی نێوان ھاوولاتی و موراجعیندا، گۆڕانی گەورە دروست بكەین" .

ئەلبوومی وێنەکان

ناونیشان

ناونیشان: هەرێمی کوردستان-هەولێر

‌چواڕیانی فرنسوا میتران

 سۆسیال میدیا

پەیوەندی کردن

بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانتان سەبارەت بە هەر کارێکی پەیوەست بە وەزارەتی داد یا هەر فەرمانگەیەکی تری سەر بە وەزارەت دەتوانن پرسیارو داواکاری و سکاڵاکانتان لە رێگەی ئەم فۆرمەوە بنێرن

: iraq, irbil
: 2245580 - 2245507 - 2245506
  نامەکەت نەگەیشت.   نامەکەتە بەسەرکەوتووی گەیشت.
Top